بۆچی کاری خۆبەخشی ئەنجام بدەم؟
کاری خۆبەخشی تواناکانتان بەرەو پێش دەبات و فێری کار کردنتان دەکات و برادەر و دۆستتان بۆ پەیدا دەکات. هەروەها ئەزموونتان فێر دەکات و ڕێگاتان بۆ خۆش دەکەن تا پەیوەندی لەگەڵ کەسانی جیاواز دروست بکەن. خۆبەخش کردن شێوازێکە بۆ خۆ دوور خستنەوە لە ڕۆتینی ژیان و خۆ تەرخان کردنە بۆ چالاکی بەسوود. خۆبەخشی قۆناغێکی پڕ لە سوود و ئەزموونەو شێوازێکیشە بۆ گەیشتن بۆ ئامانجە پیشەییەکانتان

پەرەپێدانی شارەزایی
ئایا، بۆ نموونە، دەخوازیت فێری شێوازەکانی بەردەوامبوون و پارێزگاری کردن لە ژینگە ببیت؟ ئایا شارەزاییت هەیە ڤیدیۆی فێرکاری دروست بکەیت و وەک شێوازێکی فێرکردن بەکاری بهێنیت؟ خۆبەخش کردن بوارت بۆ دەڕەخسێنێت ئەزموون لە چەندین بواری جیاوازی ژیاندا فێر بیت و شێوازی نوێ بۆ یارمەتیدانی کەسانی تر فێر بیت
گەڕان بە دوای پیشەدا
خۆبەخش کردن زۆر ڕێگەت نیشان دەدات بۆ دۆزینەوەی پیشەیەکی گونجاو بۆ خۆت. گرنگ نییە تەمەنت چەندە یان ئاستی شارەزاییت چۆنە. لە هەمان کاتدا هەمیشە گرنگی بدە بە خەڵک ناسین و دروست کردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو کەس و دەزگایانەی کە دەرفەتی کار دەڕەخسێنن یان شارەزان لەم بوارەدا
لە میانی کاری خۆبەخشی دا تۆ بوارت بۆ دەڕەخسێت کەسانێکی بە ئەزموون و سەرنج ڕاکێش بناسی کە لەوانەیە ئەگەر وەک خۆبەخش کارت نەکردبا ئەوا هەمیشە نەت دەناسین و سوودت لێ وەرنەدەگرتن
گەشە کردنی کەسایەتیت
وەک مرۆڤێکی خۆ بەخش دەتوانیت تێکەڵی چەندین بواری مرۆیی ببیت وەک نەهێشتنی نەخوێندەواری و بڵاوکردنەوەی وشیاری تەندروستی و پارێزگاری کردن لە ئاژەڵ. هەروەها بواری تری وەک بایەخدان بە دار و درەختەکانی شار. هەندێکیشتان لە بواری بەکار هێنانی ئینتەرنێت و ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییەکانی وەک مایس سپێیس و فیس بووک، کارامەن. زۆر ڕێکخراو هەن دەخوازن لە ڕێگەی ئەم ماڵپەڕە کۆمەڵایەتییانەوە بگەنە زۆرترین هاووڵاتی. لێرەدا دەتوانیت شارەزایی خۆت لە بواری ئینتەرنێت بەکار بهێنیت بۆ یارمەتیدانی ئەو ڕێکخراوەی کە کاری بۆ دەکەیت.
پەیوەندی کۆمەڵایەتی
ئایا تۆ ماوەیەکە لە هەندەران ژیانت بەسەر بردووەو ئێستا گەڕایتەوە بۆ کوردستان؟حەز دەکەیت خەڵک بناسیت و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانت فراوان بکەیت؟ ئەگەر وڵام “بەڵی یە” ئەوا کار و چالاکی خۆبەخشی ڕێگەیەکی گونجاوە بۆ ناسینی خەڵک و هاوڕێ پەیدا کردن، بەتایبەتی لەو بوارەی تۆ بایەخی پێ دەدەیت
کەسێکی کاریگەر بە
کاری خۆبەخشی یەکێکە لە باشترین ڕێگەکانی بوون بە کەسێکی کاریگەر لە کۆمەڵگەی خۆتدا. بەشێوەیەکی گشتی کاری خۆبەخشی هەمیشە گرنگی و کاریگەری خۆی هەبووە لە جیهان
هەڵبژاردنی شوێنێکی گونجاو
سەرەتا دەبێ لەو رٍێکخراوەی دەتەوێ کاری خۆبەخشی لەگەڵ بکەیت تێبگەیت و ڕۆڵی خۆت بزانیت. رٍێکخراوێک هەڵبژێرە کە پێت وایە هاو ئامانجە لەگەڵت. بۆ نموونە: ئەگەر حەزت لە بواری ژینگە پارێزییە ئەوا هەوڵ بدە ڕێکخراوێک هەڵبژێریت کە بایەخ بە ژینگە دەدات و لە چوارچێوەیدا دەتوانیت بەشدارییەکی کاریگەر بکەیت. ئەم لینکەی خوارەوە کلیک بکە بۆ زانیاری زیاتر سەبارەت بەو دەرفەتانەی لە ئارادان

زانیارى گشتى دەربارەى کارى خۆبەخشى
کاری خۆ بەخش کردن چییە
خۆبەخش کردن چالاکییەکی جیهانییە. مرۆڤی خۆبەخش چالاک دەبێت لەناو کۆمەڵگەی خۆیداو هەستەکانی بەشداربوون و متمانەو هاوکاری و هەماهەنگی و لێک تێگەیشتن و گرنگی ئەرک و هاووڵاتی بوون بەهێز دەکات. کاری خۆبەخشی چالاکییەکی زیندووەو کۆن نەبووە. لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا بایەخدان و هاوکاری کردنی یەکتری پێویستییەکی گرنگی مرۆیی یە نە وەک هەڵسوکەوتێکی خێرخوازی. کاری خۆبەخشی دڵنیایی و پەیوەندییەکان لە نێو کۆمەڵگا بەهێز دەکات
بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خۆبەخشی، ٢٠٠٠

Misperceptions of Volunteerism -چەند بەهەڵە تێگەیشتنێک دەربارەی خۆبەخش کردن
زۆر کەس هەیە بە هەڵە تێگەیشتوون لە چەمکی خۆبەخشی لە جیهان. پێویستە ئەم تێگەیشتنە هەڵانە ڕاست بکرێنەوە تا مەودای ڕاستەقینەی خۆبەخش کردن دەرکەوێت و دیاری بکرێت تا چەند ئەم چالاکییە دەتوانێ ئیجابییانە بەشدار بێت لە دۆزە جیهانییەکاندا. ئەم خاڵانەی خوارەوە سێ تێگەیشتنی هەڵەن دەربارەی خۆ بەخش کردن
١ – گوایە چالاکی خۆبەخش کردن تەنها لە ڕێگەی ڕێکخراوە ناحکومییە فەرمییەکاندا و لە وڵاتە پێشکەوتووەکاندا ئەنجام دەدرێت و گوایە جۆرە ڕێککەوتنێکیش هەیە لە نێوان کەسە خۆبەخشەکەو ڕێکخراوەکە. لە ڕاستیدا زۆربەی چالاکییە خۆبەخشەکان لەو وڵاتانە ئەنجام دەدرێن کە لە پڕۆسەی گەشە کردن و لەلایەن گروپی بچوکی وەک یانەکان و کۆمەڵەکان و ڕێکخراوە جەماوەرییە بچووکەکان ئەنجام دەدرێن
٢ – گوایە کار و چالاکی خۆبەخشی تەنها لە بواری ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا ئەنجام دەدرێن، ئەمە هەڵەیە. ئەم چالاکییە لە چەندین بواری جیاجیادا ئەنجام دەدرێت. بۆ نموونە زۆر جار لە کەرتی گشتی (حکومی) لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا هاووڵاتیان خۆبەخشانە لە قوتابخانەکان و نەخۆشخانەکان و خانەکانی پەککەوتووان کار دەکەن و جاری واش هەیە دەزگاکانی پۆلیس و پاسەوانانی کەنارەکان پشت بە خۆبەخشەکان دەبەستن لە هەندێک لە چالاکییەکانیاندا. هەروەها لە بوارەکانی هەڵمەتەکانی کوتانی منداڵانی نەهێشتنی نەخوێندەواریش بوار هەیە بۆ خۆبەخش کردن و یارمەتیدانی تیمەکە
٣ – گوایە چالاکی خۆبەخشی تەنها لە لایەن دەوڵەمەند و ئەو کەسانەوە ئەنجام دەدرێت کە ئاستی خوێندنیان بەرزە. لە ڕاستیدا لێکۆڵینەوەکان دەری دەخەن کە چالاکی خۆبەخش کردن زیاتر لە نێو ئەو هاووڵاتیانە باوە کە داهاتێکی سنورداریان هەیەو بڕیاریان داوە کاری خۆبەخشی بکەن بۆ سوودی خۆیان و کۆمەڵگەکانیان
– UNV

ئەم ڕاپۆرتەی خوارەوە بە وردی باسی سوودەکان و گرفتەکانی چالاکی خۆبەخشین دەکات

Leave a comment